تێڕوانینی دانیشتوانی کوردی هەولێر سەبارەت بە ئاوارەکانی عەرەبی عێراقی: بە بەکارهێنانی تیۆری سەرمایەی کۆمەڵایەتی

د. هیوا حاجی خدر

Abstract


پوخته‌

ئەم توێژینەوەیە هەوڵدانێکە بۆ تێگەیشتن لە تێڕوانینی دانیشتوانی کوردی هەولێر سەبارەت بە ئاوارەکانی عەرەبی عێراقی لە شارەکەدا. توێژینەوە پشت بە تیۆری سەرمایەی کۆمەڵایەتی، بە شێوەیەکی وردتر، گریمانەی تێکەڵیی کۆمەڵایەتی (Social Contact Hypothesis)، دەبەستێت. توێژینەوە سێ پرسیاری سەرەکی دەخاتەڕوو: یەکەم، بە شێوەیەکی گشتی، هەلومەرجی تێکەڵیی کۆمەڵایەتی لە نێوان کوردانی دانیشتووی هەولێر و ئاوارەکانی عەرەبی عێراقی چۆنە؟ دووەم، تێکەڵیی کۆمەڵایەتی لە نێوان دانیشتوانی هەولێر و ئاوارەکانی شارەکە لە چ ئاستێکدایە؟ سێیەم، ئایا گۆڕاوەکانی توێژینەوە کە بریتین لە زانینی زمانی عەرەبی، جێندەر، ئاستی خوێندەواری، رەوشی ئابوری خێزان کاریگەرییان لەسەر تێڕوانینی نمونەی توێژینەوە و ئاستەکانی تێکەڵیی کۆمەڵایەتی هەیە لەگەڵ ئاوارە عەرەبەکان؟ لەم توێژینەوەیەدا سود لە میتۆدی روپێوی کۆمەڵایەتی وەرگیراوە لە رێگای وەرگرتنی نمونەیەک (209 N) کەس لە دانیشتوانی کوردی شاری هەولێر لەو گەڕەکانەی کە ئاوارە عەرەبەکان بەرێژەی بەرچاو نیشتەجێبوون. گرنگترین ئەنجامەکانی توێژینەوە بریتین لەمانەی خوارەوە:

 یەکەم، تێکەڵیی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی کوردی هەولێر لەگەڵ ئاوارە عەرەبەکان لە هەلومەرجێکی زۆر گونجاودا بەڕێوە ناچێت. لێرەدا، تێڕوانینی پێشوەختەی نەرێنی رێگرە لەبەردەم تێکەڵییەکی قوڵ لەگەڵ ئاوارەکاندا. دووەم، ئاستەکانی تێکەڵیی کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی روکەشدایە، بەشیکی زۆری نمونەی توێژینەوە ئاماژە بە هەبوونی سڵاوکردن دەدەن لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکانیان، بەڵام ئاستەکانی قوڵتری تێکەڵیی کۆمەڵایەتی وەک هەبوونی هاوڕێیەتی و سەردانی خێزانی تا رادەیەکی ئێجگار زۆر لاوازە. سێیەم، هەرچەندە تێکەڵیی کۆمەڵایەتی کوردانی هەولێر لەگەڵ ئاوارە عەرەبەکان لە ئاستێکی رووکەشدایە، بەڵام هەندێ گۆڕانکاری ئەرێنی لە تێڕوانینی کوردانی دانیشتووی هەولێر سەبارەت بە ئاوارە عەرەبەکان بەدیهاتووە لە پاش ئەوەی ئاوارەکان بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە هەولێر نیشتەجێبوون. لەو نێوەندەدا، گۆڕاوەکانی توێژینەوە، کاریگەریەکی خاوەن بەڵگەی ئاماریان لەسەر تێڕوانینی نمونەی توێژینەوە سەبارەت بە ئاوارەکانی عەرەبی عێراق و تێکەڵیی کۆمەڵایەتی لەگەڵیاندا نیە. جگە لە گۆڕوای "زانینی زمانی عەرەبی" و "جێندەر" نەبێت کە لە هەندێ باردا کاریگەری خاوەن بەڵگەی ئاماریان هەیە. بەشێوەیەکی سەرنجراکێش، بۆ بەشیکی زۆری نمونەکە زانینی زمانی یەکتر رێخۆشکەر دەبێ بۆ بنیاتنانی تێکەڵیی کۆمەڵایەتی باشتر لە نێوان جڤاکی کوردانی هەولێر و ئاوارە عەرەبەکان.

Full Text:

PDF

Refbacks

  • There are currently no refbacks.


Department of Scientific Publication Office:  The Central Library of Salahaddin University-Erbil, Kirkuk Road, Erbil, Kurdistan, Iraq. Phone:+964 (0)66 2580274, email: zanco.humanity@su.edu.krd. www.su.edu.krd, www.zancojournals.su.edu.krd 

Copyright and Reprint Permission: It is the policy of ZANCO to own the copyright to the technical contributions it publishes and to facilitate the appropriate reuse of this material by others. Photocopying is permitted with credit to the source for individuals for individual use. All ZANCO Journals are Open Access Journals.

Copyright © 2015 . All Rights Reserved. Salahaddin University - Erbil