پەیوەندی و كارلێكى زمان و بیر تابۆى سێکسى بە نمونە

  • د. هێمن عه‌بدولحه‌مید شه‌مس

Abstract

پوخته‌
ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌، له‌ سنوری زمانه‌وانیی ده‌رونیدایه‌، كه‌ لقێكه‌ له‌ زمانه‌وانیی كاره‌كی، له‌ پێشه‌كی و سێ به‌ش و ئه‌نجام پێكهاتووه‌.
    له‌ به‌شی یه‌كه‌مدا، باس له‌ زمان و هێما و زمانه‌وانیی ده‌ورونی و په‌یوه‌ندیی نێوان زمان و بیر و زمان و جیهانبینی كراوه‌ له‌گه‌ڵ تاكگه‌رایی و هه‌ڵكردن. لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌یه‌ كه‌ چۆنیه‌تی و شێوازی هه‌ڵبژاردن و به‌كارهێنانی كه‌ره‌سته‌ زمانییه‌كان له‌لایه‌ن تاك، به‌شێكن له‌ چۆنیه‌تیی بیركردنه‌وه‌ و كه‌سێتی و هۆكارێكی سه‌ره‌كیی هه‌ڵكردن و خۆگونجاندنی تاكه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و ده‌وروبه‌ریدا، چونكه‌ زمان ئامرازێكی كارایه‌، له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ مرۆڤ ده‌توانێت به‌ چه‌ندین شێوازی جیاواز، مه‌به‌ست و په‌یامه‌كانی بگه‌یه‌نێت. به‌كارهێنانی ده‌ربڕینه‌ تابۆكان، یان داپۆشین و په‌رژینكردنی ده‌ربڕینه‌كان، بۆ نیشاندانی ڕێز یان برینداركردنی هه‌ستی به‌رامبه‌ر و هێرشكردنه‌ سه‌ریان، به‌شێكن له‌ شێوازی ئاخاوتنی تاك و كۆمه‌ڵ.
    به‌شی دووه‌م، تایبه‌ته‌ به‌ تابۆ. تابۆ له‌ زماندا، بریتییه‌ له‌ سنورداركردن و قه‌ده‌غه‌كردنی ناوهێنان یان باسكردنی چه‌ند بابه‌تێك به‌ شێوه‌یه‌كی ڕاشكاو و ڕاسته‌وخۆ و له‌بریدانان و به‌كارهێنانی چه‌ند ده‌ربڕینێكی دیكه به‌ هه‌مان چه‌مك و واتا له‌ شوێنیان. ئه‌مه‌ش به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رونی و ئاینی و سیاسی و ... هتد ه‌وه‌ ده‌بێت، كه‌ به‌ پێی سه‌رده‌م و له‌ كۆمه‌ڵێكه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵێكی دیكه‌، ده‌گۆڕێت. تابۆ چه‌ند جۆرێكی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا تابۆی سێكسی ته‌وه‌ری باسه‌كه‌یه‌ و له‌ ژێر ڕۆشناییی په‌یوه‌ندیی زمان و بیردا لێیكۆڵراوه‌ته‌وه و ڕۆڵ و كاریگه‌ریی ده‌ربڕینه‌ (داپۆشه‌ر- وروژێنه‌ر)ه‌كان جه‌ختیان له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه‌.
    له‌ به‌شی سێیه‌مدا چه‌ند ده‌قێك له‌ ئاخاوتنی ڕۆژانه‌ی ئاخێوه‌رانی زمانی كوردی، زاری كرمانجیی ناوه‌ڕاست ‌به‌ نمونه هێنراونه‌ته‌وه‌ و به‌ پێی پێویست قسه‌ و باسیان له‌سه‌ر كراوه‌ و لایه‌نه‌ تیۆرییه‌كانی به‌شی یه‌كه‌م و دووه‌میان تێدا ده‌ستنیشانكراوه‌. له‌كۆتاییدا لێكۆڵه‌ر به‌ چه‌ند ئه‌نجامێك گه‌یشتووه‌، بۆنمونه‌: سێكس هه‌ژمونێكی فراوانی به‌سه‌ر بیر و باری ده‌رونیی تاكی كورده‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ زمان و شێوازی ئاخاوتنیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، ئاخێوه‌ری كورد، جیهانبینییه‌كی سێكسیی هه‌یه‌ و زمانی كوردی له‌ ناونان و ورده‌كارییه‌كانی پڕۆسه‌ی سێكسیدا، تاڕاده‌یه‌ك، هه‌ژاره‌.  ‌
Published
May 15, 2018
How to Cite
شه‌مس, د. هێمن عه‌بدولحه‌مید. پەیوەندی و كارلێكى زمان و بیر تابۆى سێکسى بە نمونە. Journal of Humanity Sciences, [S.l.], v. 22, n. 3, p. 134 - 155, may 2018. ISSN 2412-396X. Available at: <http://zancojournals.su.edu.krd/index.php?journal=JAHS&page=article&op=view&path%5B%5D=2255>. Date accessed: 25 june 2018. doi: http://dx.doi.org/10.21271/zjhs.22.3.8.
Section
Articles