بۆچوونی مامۆستایانی زانکۆ لەبارەی پرۆسەی دڵنیایی جۆری

Abstract

پوختە

باشترکردن و فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی بۆ تاک و کۆمەڵگە، پێویستییەکی هەمیشەیی، تاکی و کۆمەڵییە، لەم خۆشگوزەرانییانەش باشترکردنی رەوشی خوێندن بەدرێژایی ساڵەکانی فێربوون و چۆنیەتی فیربوون، ئەمە بەهۆکاری ئەوەی هەنووکە ئێمە لە سەرەتای سەدەی سێیەمی پێشکەوتنە خێراکانین، و ئینجا ئەم پێسکەوتنانە چ لەسەر ئاستی پێشکەوتنی پیشەسازی یان خوێندن، یانیش لەسەر ئاستی پەیوەندییە ئابوورییە نێو دەوڵەتییەکاندا بێت. لەگەڵ ئەو سیستم و رێسا نوێیانەی کە حوکمی جیهان دەکەن، ئەمە جگە لە شۆڕشی تەکنۆلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان و کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی خویندن، و لێکەوتەکانی ئەمە خۆی دەبینێتەوە لە زیادبوونی رکابەری توندی نێوان دامەزراوە پەروەردەییە جیهانییەکان.

پێشکەوتنی زانستی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا پێوەری پێشکەوتنیەتی، هەروەها بەرپرسیارەتی پێشکەوتنی زانستیش بە پلەی یەکەم دەکەوێتە سەر ئەستۆی زانکۆ و دامەزراوە فێرکارییەکان. لێرەوە دەرەکەوێت کە خوێندنی زانکۆیی لەڕووی ئامرازەکەنی فێرکردن و شێوازەکانی فێرکردن و بوارەکانی، وەرچەرخانی بەخۆوە بینیوە. ئەم پێشکەوتنە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی سەردەم و رووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵێک بەربەستن کە خوێندنی زانکۆیی دووچاری هاتووە، ئەوەش خۆی لە گەشەسەندنی تەکنیکەکانی فێرکردن و زیادبوونی خواست لەسەری و تەقینەوەی گەورەی زانیاری دەبینێتەوە. هەموو ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار دروستکردنی گۆڕانکاری لە چۆنیەتی بیرکردنەوە لەبارەی ئیستراتیژییەتە کردەییەکانی پەیوەست بە سەرمایەگوزاری. ئەم توێژینەوەیە بەوە گەیشتووە، کە به‌گشتی له‌ ئێستادا مامۆستایانی زانکۆی کۆیە لەگەڵ پرۆسەی دڵنیایی جۆری نیین و بەتایبەتی لە ئامراز و پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن ناڕازین. هەندێک لە ئەنجامەکانی توێژینەوەکە بەمجۆرەن، سەبارەت بە گرنگی و پێویستی دڵنیایی جۆری، ئەوا تاکەکانی نموونەی توێژینەوە بەڕێژەی رازیبوونی (83.8%)، بە گرنگییەوە دەڕواننە دڵنیایی جۆری و لایان پەسەندە و بە پێویستی دەزانن. بەڵام سەبارەت بە بۆچوونی مامۆستایان لەبارەی زانکۆ و سەرکردە بەڕێوەبردنیەکان بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردن و رۆشنی دڵنیایی جۆری، ئەوا تاکەکانی نموونەی توێژینەوە لە ئاستێکی مامناوەند پێیانوایە زانکۆ بەشێوەیەکی روون هه‌وڵیداوه‌ وشیارکردنەوەی مامۆستایانی بکات و، ویست و ئیرادەیەکی بەهێزیش لای سەرکردە بەڕێوەبردنیەکانی زانکۆ هەیە. سەبارەت بە دانانی پلانی ئیستراتیژی بۆ چۆنییەتی جێبەجێکردنی دڵنیایی جۆری. بەڵام تاکەکانی نموونەی توێژینەوە پێیانوایە سەرۆکایەتی و بەرپرسە بەڕێوەبردنیەکانی زانکۆی کۆیە، پلانێکی روون و ئاشکرایان بۆ کردنەوەی کۆمەڵێک خولی زانستی لەبارەی دڵنیایی جۆری نییە، هەروەها گرنگی زۆر بە بۆچوون و بیروڕاکانی مامۆستایان نادەن، سەبارەت بە چاکترکردن و بەرزکردنەوەی کوالێتی خزمەتگوزاریی فێرکاری‌. هەروەها جیاوازی نێوان تاكه‌كانی نموونه‌ی توێژینه‌وه‌ به‌پێی گۆڕاوه‌كان، سه‌باره‌ت به‌ پرۆسەی دڵنیایی جۆری؛ ئه‌وا ده‌ركه‌وتووه‌: هیچ جیاوازییه‌كی ئاماژه‌داری ئاماری له‌ نێوان تاكه‌كانی نموونه‌ به‌پێی گۆڕاوه‌كانی (فاکەڵتی، ره‌گه‌ز، ته‌مه‌ن، جۆری بڕوانامە، پسپۆری و، ساڵانی خزمەتی زانکۆیی) سه‌باره‌ت به‌ پرۆسەی دڵنیایی جۆری نییه‌. ئامانجەکانی توێژینەوەکە بەمشێوەیە بوون: یەکەم: زانینی بۆچوونی مامۆستایانی زانکۆی کۆیە لەبارەی

١- گرنگی و پێویستی دڵنیایی جۆری.

٢- زانکۆ و سەرکردە بەڕێوەبردنیەکان سەبارەت بە چۆنییەتی جێبەجێکردن و رۆشنی دڵنیایی جۆری.

٣- ئامراز و پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن.

دووەم: به‌راوردکردن و جیاوازی نێوان بۆچوونی مامۆستایانی زانکۆی کۆیە لەبارەی پرۆسەی دڵنیایی جۆری بەپێی گۆڕاوه‌كانی توێژینه‌وه. (فاکەڵتی، ره‌گه‌ز، ته‌مه‌ن، جۆری بڕوانامە، شوێنی بەدەستهێنانی بڕوانامە، پلەی زانستی، پسپۆری و ساڵانی خزمەتی زانکۆیی).

میتۆدی بەکارهاتوو لەم توێژینەوەیە، (میتۆدی رووپێوی کۆمەڵایەتی و میتۆدی بەراوردکاری)یە. هەروەها نموونەی بەکارهاتووش لە جۆری (هەڕەمەکی هێشووی)یە. ئامرازی بەکارهاتوو بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان بریتییە لە (فۆرمی راپرسی).

 

 

Published
2016-06-08
How to Cite
1.
بۆچوونی مامۆستایانی زانکۆ لەبارەی پرۆسەی دڵنیایی جۆری. JAHS [Internet]. 8Jun.2016 [cited 20Jan.2022];20(1). Available from: https://zancojournals.su.edu.krd/index.php/JAHS/article/view/585
Section
Articles